:

ئەرێ پێم ناڵێن، بە چ پێودانگێک (PKK) تیرۆریستە؟!

ئیمه‌یل چاپی بکه PDF


رابەر رەشید- کەرکوک
تیرۆریست کەسێک، یان لایەنێک، یاخود گروپێکە، لەپێناو مەبەستێکى دیاریکراودا، پەنادەباتەبەر قێزەونترین و دڕندانەترین کاری نامرۆڤانە، تەڕو وشک پێکەوە دەسووتێنێت، دەست لە منداڵ و پیروپەککەوتەو هاووڵاتییانى بێدەسەڵات ناپارێزێت. ئەگەر تەلارێکى پڕاوپڕ لە مرۆڤی بێ گوناه بەسەریەکدا کاول بکات و مرۆڤە نیشتەجێکانى ناوى بکاتە قەرەبرووت، ئەوکاتە ئۆخژنی ئارامی سەرتاپای جەستەى دادەگرێت، چونکە بوونەوەرێکى ویژدان مردووەو هیچ خەسڵەتێکى مرۆیی نایگرێتەوە.

ئەگەر خوێندنەوەیەکى لۆژیکیانەو بابەتیانەی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەیى کورد لە باکوورى کوردستان، بەسەرجەم باڵە سیاسی و چەکداری و دیموکراتی و ئاشتیخوازییەکەیەوە بکەین، وێڕاى ئەو هەموو پرۆسە بەردەوام و هۆڤێتیانەیەى کە لەلایەن حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى دەوڵەتی تورکیاى سەردەمى ئەتاتورک و دواى ئەویش و بگرە پێشتریشەوە، لە دژی ئەنجامدراوەو خاک و زێدی داگیرو مرۆڤەکانی کۆیلەو ژێردەستە کراوەو هەوڵی سڕینەوەى کەسایەتى نەتەوەیی تاکى کورد گەیشتۆتە چڵەپۆپەو ئاستێک کە لەوانەیە هیچ پێوەرێک بەرگەی پێوانەکردنی نەگرێت، چونکە هێندە سنووربەزێن بووە، کەچی لە هەمبەر ئەو هەموو تاوانکارییانەدا کورد تەنها بەشێوەیەکى رەوا داکۆکی لە مانەوەی خۆی کردووەو بەرپەرچی پرۆسەی قڕکردنی لەلایەن تورکەوە داوەو جگە لە شۆڕش و راپەڕینى چەکداری و جەماوەری بەولاوە هەنگاوێکی وای نەناوە کە مرۆڤ شەرم لە باسکردنى بکات.

پارتی کرێکارانی کوردستان، وەکو پارتێکى هەڵگرى بیروباوەڕی سۆسیالیستى زانستی و دروشمی سەربەخۆیی بۆ کوردستان، بە دامەزراندن و گەشەکردن و پەرەسەندنی، تا ئەوکاتەى بڕیاری شۆڕشی چەکداری دەدات و تا ئێستاشی لەگەڵدابێ، وەکو هەر پارتێکى سیاسی ئاسایی چالاکییەکانی خۆی ئەنجامداوەو لە مێژووی پڕ سەروەریدا، لاپەڕەیەکى وا بەدیناکرێت کە بچێتە خانەى بیرکردنەوەو ئەنجامدانی کاری تیرۆریستییەوە. رەنگە ئێستا کەسانێک هەبن، باس لە چەند چالاکییەکى چەکدارانەی (PKK) بکەن کە تیایدا جەندرمەو قەرەقۆڵ و خەڵکانی دیکەی تێدا بەجۆرێک کوژراوە، کە تا رادەیەک دڕندانە بێت، بەڵام کاتێک سەرنج دەدەینە هەڵوێست و رەفتاری (ئەرگەنەکۆن)ەکان و ئەو شەڕەى کە پەکەکە بە شەڕی تایبەتی ناودەبات کە لەلایەن دەسەڵاتدارانى رژێمى تورکیاوە پەیڕەوو پیادەکراوەو ئەو دەستەبەندی و مافیاکارییەى کە پەیتا پەیتا ئاشکرا دەبێت و ساڵانێکە دەوڵەتی کەمالیستیی تورک بەڕێوەدەبەن، دەمودەست مرۆڤ دەگاتە ئەو بڕوا مسۆگەرو دڵنیابوونەی کە ئەوەی بەناوى شەڕوانان و گەریلاکانی (PKK)ەوە کراوەو تاوانەکان خراوەتە ئەستۆى ئەوان، هیچ بنەمایەکى لۆژیکیی نییەو هەرهەمووی لە ئاکامی پیلانڕێژیی ئەرگەنەکۆنەکان و دەستەبەندییەکانى مافیاوە بەڕێوەچوون و مەبەستیش تیایدا تاوانبارکردنی ئەو پارتە شۆڕشگێڕەى باکوورى کوردستانە.

ئاخر کاتێ رژێمێکی سەربازی و رەگەزپەرست و داگیرکەر، زمانى کوردی لە کوردان قەدەغە بکات و لەسەر چڕینی سترانێک، یان هۆنینەوەی هۆزانێک بە زمانى کوردی، خاوەنەکەی بانگهێشتی بەردەم دادگا نادادپەروەرەکان بکرێت و زیاتر لە چوار سەدەو نیو هەوڵی سڕینەوەى کەسایەتی تاک بەتاکی ئەو نەتەوەیە درابێت، ئەرێ بۆ دەبێ پەلاماردانی مۆڵگەیەک، یان قەرەقوڵخانەیەک، بەکارێکی تیرۆریستی بدرێتە قەڵەم؟!، لەکاتێکدا هەر خودى ئەو رژێمە سادەترین مافە نەتەوایەتییەکانى ئەو نەتەوەیە پێشێل بکات و کوڕو کچ و ژن و منداڵی کورد لە زیندانەکانى بپەستێت؟!

هەرگیز ئەوە کورد نییە کاری تیرۆریستی ئەنجام بدات، بەڵکو خودی رژێمى تورکیایە لە کارو کردەوەی تیرۆریستییانە دژی نەتەوەکەمان سڵ لە هیچ یاساو رێسایەکی نێودەوڵەتی ناکاتەوەو جگە لە هەوڵی شاردنەوەی راستییەکان و سڕینەوەى بوونی کوردو فریودانی رای گشتی هیچی دیکەی بەدەستەوە نەماوە.

زۆریش بەزەییم بەو کەسانەدا دێتەوە کە خۆیان بە سیاسەتبازو پسپۆڕ لە بوارى تورکیاء کێشەی نەتەوەکەمان لە باکوورى کوردستان دەزانن، بیریان بەلاى بە تیرۆریست زانینی (Pkk)دا بچێت و ببنە بەشێک لەو شەڕی تایبەتەى کە رژێمى تورکیای داگیرکەر، دەرهەق بە بزووتنەوەى رزگاریخوازی نەتەوەکەمان لە باکووری کوردستان پیادەى دەکات. زۆرتریش سەیرو بەزەییم بەو لایەنانەدا دێتەوە کە پێیان وایە بۆ منی کوردی باشووری کوردستان نییە، داکۆکی لە کێشەى رەوای نەتەوەکەم لە باکوورى کوردستان بکەم، گوایە ئەوە کێشەى وڵاتێکى دیکەیە!!.. بێئاگا لەوەی کە کوردستان نیشتیمانێکى داگیرو دابەشکراوەو ئەمڕۆ بێ، یاخود سبەى هەر دەبێ، کوردستانیان لەژێردەستەیی داگیرکەران و چەوسێنەرانی ناوخۆو دەرەوەدا رزگاریان بێت.

کەواتە پێم ناڵێن بە چ پێودانگێک (PKK) بە تیرۆریست دەزانن؟!!

17/7/2009